ناوهڕۆك
تێكچوونی لێدانەكانی دڵ
ترپەی دڵ لە سیستمێکی یەک پارچەی هێما کارەباییەکان دروستبووە کە بەهاوسەنگی و وردی کار دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی دەنگی لێدانی دڵی ئاسایی بیستراو، بەڵام هەندێك كات لە هەندێك كەسدا ئەم سیستمە تووشی تێكچوون دەبێت، وەك خێرابوونی لێدانەكانی دڵ وەك ئەوە وابێت كە كەسەكە پێشبڕكێ دەكات یان لە كاتی ئاسایی هێواشتر لێبدات، یان لێدانی دڵەكە خێرا و كەم بكات، ئەم حاڵەتانە پێیان دەوترێت ناڕێكبوونی لێدانی دڵ (Arrhythmia)، كە یەكێكە لە بڵاوترین نەخۆشییەكانی دڵ، ئەم نەخۆشییە هەندێك كات لاوازە و نابێتە هۆی دروستبوونی كێشە، بەڵام لە هەندێك جاریشدا ژیانی نەخۆشەكە دەخاتە مەترسییەوە و پێویستی بە چاودێری پزیشكی دەبێت.
چارەسەر بۆ ڕێككردنەوەی لێدانەكانی دڵ
چارەسەر ڕێكنەبوونی لێدانەكانی دڵ بەپێی جۆرەكەی دەكرێت، واتە یان خاوبوونەوەی لێدانی دڵە یان خێرابوون، ئەگەر نەخۆشەكە لێدانی دڵی هێواشبوو ئەو ئامێری ڕێكخەرەوەی لێدانی دڵی بۆ دادەنرێت، هەورەها چارەسەر كردن بە پێی تووندی نەخۆشییەكە دەبت لەگەل ئەگەری بوونی كاریگەری لاوەكی لەسەر نەخۆشەكە.
چارەسەری خێرابوونی لێدانی دڵ
١. مانۆڕكردنی دەمارە وروژاوەكان (Vagal maneuver)، ئەم ڕێگەیە بەكاردێت بۆ هێواشكردنەوەی لێدانەكانی دڵ، لە ڕێگەی كۆكە، یان هەناسە گرتن لەكاتی چەمانەوە یان سەركردن بەناو ئاوی سەهۆڵاودا بۆ چەند چركەیەك
٢. لە ڕێگەی بەكارهێنانی دەرمانەوە، بەڵام دەبێت بەپێی ڕێنمایی پزیشك و لەژێر چاودێریدا بخورێت، بۆ ئەو حاڵەتانە دەبێت كە كەسەكە نەخۆشییەكەی توندە و كاریگەری لاوەكی هەیە لەسەری، ئەم دەرمانانە هەڵدەستن بە هێواشكردنەوەی لێدانەكانی دڵ لە ڕێگەی گۆڕینی نیشانە كارەباییەكانی دڵەوە، دیارترین ئەم دەرمانانە بریتین لە: ئامیۆدرۆن (Amiodarone)، سۆتالۆل (sotalol)، پرۆپافینۆن (propafenone)، درۆنێدارۆن (dronedarone).
٣. ڕێككردنەوەی لێدانەكانی دڵ بە بەكارهێنانی تەوژمی كارەبایی، كە دەبێتە هۆی ڕێككردنەوەی شەپۆلە كارەباییەكانی دڵ و بەهەمانشێوە لێدانەكانی دڵ، ئەم جۆرە چارەسەر تەنها بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە كێشە لە گوێچكەڵەكانی دڵیاندا هەیە.
٤. خواردنی ئەو دەرمانانەی كە دەبنە هۆی چالاككردنی گرێ گوێچكەڵە سكۆڵە (Atrioventricular node) لە حاڵەتەكانی زیادبوونی ڵیدانی دڵ بەبۆنەی گوێچكەڵە و سكۆلەكانەوە، دەرمانەكانی كە دەبنە هۆی گرتنی جۆگەكانی بێتا وەك: ئەسیبیوتلۆل (acebutolol)، ئەتێنۆلۆل (atenolol)، پرۆپانۆلۆل (Propranolol)، هەروەها ئەو دەرمانانەی كە دەبنە هۆی گرتنی جۆگەكانی كالیسیۆم بریتین لە: ڤێراپمڵ (verapamil)، دڵتایزێم (diltiazem)، ئەم دوو جۆرە دەرمانە كاریگەری لاوەكییان هەیە بۆیە پێویستە لەژێر چاودێری پزیشكدا بخورێت.
٥. قەستەرە كردن، ئەم ڕێگەیە ئەو ماسولكەیە بە گەرمی یان تیشك لەناودەبرێت كە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕێكی لە لێدانەكانی دڵدا.
بەكارهێنانی ئامێرە چێنراوكان لە لەشدا بۆ ڕێككردنەوەی لێدانەكانی دڵ
- لەڕێگەی چاندی (هەنگاو دروستكەر - Pacemaker)ـی دروستكراو.
- لەڕێگەی بەكارهێنانی ICD(implantable cardioverter defibrillator)
- لەڕێگەی دروستكردنی درزی زۆر ورد لە بەشی سەرەوەی دڵ، بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە تەزووە تێكدەرەكان
- لە ڕێگەی نەشتەرگەری تێپەڕاندنی سوڕی كۆرنەری
ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی تێكدانی لێدانی دڵ
- چوونە تەمەنەوە
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
- قەڵەوی
- نەخۆشی دڵ
- هۆكاری بۆماوەیی
- نەخۆشی غوددە
- خوردنەوەی زۆری ئەو خواردنەوانەی كە كافاینیان تێدایە
- بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان
- زیادەڕۆیی كردن لە خواردنەوە كحوولیەكان
- هۆكاری لاوەكی بەكارهێنانی هەندێك دەرمان
- بەبۆنەی تێكچوونی ئەلیكترۆلایتەكان (Electrolyte) جەستە
- نەخۆشی شەكرە، ئەو كەسانەی كە ڕێژەی شەكرەیان جێگیر نییە
- گیرانی هەناسە لەكاتی خەوتن (Obstructive sleep apnea)